سەلام محەمەد

ماموستا "سەلام محەمەد ئەمین"، شاعیری ناسراوی دوورە وڵات لە ۲۱ تەمموزی ۱۹۵۴ زایەنی، لە شاری کەرکووکی لەدایکبووە.


(۱)
[سیمفۆنیای هەنسکی بوون]
ئەمە نە شیعرە، نە پەخشانە نە کورتە چیرۆکە
بە ئارەزووی خۆت ناوێکی بۆ هەڵبژێرە
حەز دەکەی ناوی بنێ پێکەنینی گریان
یا گریانی پێکەنین
یا رەنگە تاڵەموویەکی سپی بێت
لە نێوان پێکەنین و گریاندا
یا شیوەنی گریان
کە لە فەرهەنگە داتاشراوەکاندا رەگی زمانەوانی نییە
یەکێکە لە نهێنیەکانی دڵە نەبینراوەکەم
وەك بەلەمێکی سوور
بە ناو خوێنی دەمارەکانمدا دەخولێتەوە
بە هەنسکە هەنسك دەست پێدەکات و
بە گریانێکی غەریب کۆتایی دێت
قوڵپەقوڵپ ناخم داگیردەکات
حەز دەکەم بە ئاشکرا بە بەر چاوی خەڵکەوە بگریم
تێر تێر بگریم
بۆچی؟ نازانم
تەنیا ئەوەندە دەزانم بارێکی مرۆڤانەی
تەواو پاك و خاوێنە و پەیوەندی بە موزیکەوە هەیە
لە دەرەوەی کات و شوێندا
کە هات ناگەڕێتەوە
هەنسکەکانیش قووت بدەم دەمم پڕ دەبێت
لە بای تاڵ
تا تاوێك نەگریم دڵەکەم دانامڕکێت و
هەنسکی خنکاو زیڕەم لێ هەڵدەستێنێت
توانایەکی لەرادەبەدەر بەکار دەهێنم پێمەوە دیار نەبێت و
خەڵکی بە شێتم تێنەگەن، بەڵام
دەزانم کە هات گەڕانەوەی بۆ نییە
بۆ جێگایەکی چۆڵ دەگەڕێم
تا هەردوو چاوم پڕ دەبن لە ئاو
بۆ کێ دەگریم؟ بۆچی دەگریم نازانم
لە زمانی ئەم هەنسکە خەمگین و شادمانە تێناگەم
جار هەیە لە ساڵێکدا یەك دوو جار
لە پڕێکدا گەمارۆم دەدات
یا رێکەوتووە مانگانە سەردانی کردووم
لەم هەستە نامۆیە تێناگەم
بەڵام دەزانم پەیوەندی بە موزیکەوە هەیە
بە بێ گوێدانە ئەوەی موزیکی کوردیە
یا ژێی کەمانی هەندەرانە
بە دەم گۆرانی و ئاوازی نزیك لە روحم
یا رووت رووت تەنیا موزیك و بەس، هیچی لەبەردا نییە
ئەگەر رۆژێك بتوانم ئەو هەستە
دەستەمۆ بکەم و بیکەم بە شیعر
ناوی دەنێم: سیمفۆنیای هەنسکی بوون.



گڵاڵەکردنی ئەم بابەتە: #زانا_کوردستانی
دیدگاه ها (۰)

محسن میهن دوست

محمد جانبازان

خاڵە بەکر

حسین دلجویی

تافگه صابر

در حال بارگزاری

خطا در دریافت مطلب های مرتبط